دەرۆکایەتی هەریمی کوردستان لە بەیاننامەیەکدا داوا لە ئەمەریکا دەکات لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.دەقی بەیانامەکە
گەلی کوردستان، کە بە بەردەوام و بە دڵگەرمییەوە پشتیوانی ئەمەریکایان کردووە، بەتایبەتی لە جەنگی دژ بە داعش و رژێمی سەددام حوسێن، زۆر نیگەرانن لە بەیاننامەی رۆژی هەینیی بەڕێزرێکس تیلەرسن وەزیری دەرەوەی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا. دەبوایە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەر لە هەموو وڵاتان تەقدیر و رێزی لە بڕیاری کوردستان بۆ سەربەخۆیی بگرتایە هەروەکو زیاتر لە ٩٢٪ـی گەلی کوردستان لە ریفراندۆمێکی ئازاد و شەفاف و ئاشتیخوازانە لە ٢٥ـی ئەیلوول داوایان کرد.
ریفراندۆمەکە بە گوێرەی یاساکانی کوردستان لە لایەن سەرۆکی هەرێمەوە بانگەوازی بۆ کرا و پەرلەمانی کوردستانیش پەسەندی کرد. ئەم پرۆسەیە بە گوێرەی چەندین بڕگەی دەستووری عێڕاق رێپێدراوە. ریفراندۆمەکە دەرفەتی بۆ گەلی کوردستان رەخساند تاوەکو مافی چارەی خۆنووسین پیادە بکەن هەروەکو لە میساقی نەتەوە یەکگرتووەکان و دوو رێکەوتننامەی نێودەوڵەتی پەیوەندیداری دواتردا هاتووە.
سەرەڕای پێزانینی ئێمە بۆ بانگهێشتی ویلایەتە ئەکگرتووەکان بۆ وەڵامدانەوەی ناتوندوتیژیانەی ریفراندۆمەکە، بەڵام نە ئەمەریکا و نە هیچ وڵاتێکی دیکە رێگەیان لە مامەڵەی نادەستووری و نایاسایی بەغدا لەگەڵ کوردستان نەگرت، کە لەوەتای پەسەندکردنی دەستوور لە ٢٠٠٥ەوە بەردەوامە.
هیودارین لە رۆژانی داهاتوودا، ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا پێداچوونەوە بە هەڵوێستی خۆی بکات و بە گەرمی پشتیوانی داخوازییە شەرعییەکانی گەلی هەرێمی کوردستان بکات و لە دانووستاندنی ئاشتیانەی نێوان هەولێر و بەغدا بەشداربێت.
د. ئومێد سەباح
وتەبێژی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان
١ـی ١٠ـی ٢٠١٧
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
کۆمێنتەکەت لێرە بنووسە