گەردەلولى ئیرما چەند ڕۆژێکە ناوچەی دەریای كاریبی گرتووەتەوە، بەپێی ناوەندی گەردەلولناسی نیشتمانی ئەمریکاش خێرایی گەردەلولەکە لە کاتژمێرێکدا گەیشتۆتە ٣٠٠ کیلۆمەتر و لە جۆری مەترسیدارترین گەردەلولە و توندییەکەى لە پلەی پێنجدا پۆلین کردووە.
گەردەلولی ئیرما لە زەریای ئەتڵەسی هەڵیکرد و دواتر دوورگەکانی ئانتیگوا و باربودای کاریبی و دوورگەکانی سانت بارتس و سانت مارتینی گرتەوە. گەردەلولەکە گەورەترین فڕۆکەخانەی سانت مارتینی وێران کرد.
گەردەلولی ئیرما بۆتە هۆی کاولکارییەکی زۆر لە دوورگەی باربودا، هەروەها بۆتە هۆی گیانلەدەستدانی زیاتر لە شەش کەس لە دوورگەکانی سانت بارتس و سانت مارتین و یەک کەسی دیکەش لە دوورگەی باربادۆس گیانی لەدەستداوە، مەترسی ئەوەش هەیە ژمارەکە ڕوو لە زیادبوون بکات.
لەلایەکی دیکەشەوە، ناوەندی گەردەلولناسی نیشتمانی ئەمریکا ڕایگەیاندووە، گەردەلولەکە بەرەو دوورگەکانی ڤێرجن و کەناراوەکانی باکوری رۆژهەڵاتی پۆرتۆریکۆ تەشەنەی سەندووە.
دانیشتووانی دوورگەی پۆرتۆریکۆ ژمارەیان سێ ملیۆن کەسە و بەپێی زانیارییەکانیش نیوە زیاتریان بەهۆی گەردەلولەکەوە بێ کارەبا بوون. تەواوی ئەو دوورگانەى کەوتنە بەر شەپۆلی گەردەلوولەکە خانووەکانیان زیانیان بەرکەوتووە.
وەک ئامادەکارییەک بۆ خۆپاراستن و کەمکردنەوەى زیانەکانى گەردەلولەکە بەر لەوەى بگاتە ویلایەتەکەیان، دانیشتوانى فلۆریدا ئامادەکارییان دەستپێکردووە و ڕەفەی مارکێتەکانیان بەتاڵ دەکەنەوە.
لەلایەکى دیکەوە وەبەرهێنەران دەستیانکردووە بە فرۆشتنی پشکەکانیان لە کۆمپانیاکانی دڵنیایی و گەشتی کەشتیوانی، زۆربەی کۆمپانیاکانی هێڵە ئاسمانییەکانیش زیاتر لە ٨٠٠ گەشتیان هەڵوەشاندووەتەوە. لە باشوری فلۆریداش زۆربەی نەخۆشخانەکان بڕیاریانداوە نەخۆشەکانیان رەوانەی ماڵەوە بکەنەوە و ژمارەی نەخۆشەکانیان کەمکردووەتەوە.
ئەو ئامادەکارییانە لە کاتێکدایە کە نەتەوە یەکگرتووەکان پێشبینى کردووە گەردەلولەکە کاریگەری لەسەر ٣٧ ملیۆن کەس دروستبکات.
پێشبینی گەیشتنی گەردەلولی ئیرما بۆ ویلایەتی فلۆریدا، دوای ئەوە دێت کە هێشتا ئەمریکا هەناسەیەکی ئارامی نەداوە، دوای گەردەلولی هارڤی کە پلەی چوارەمی زریانەکانى هەبوو چەند ڕۆژێکە کۆتایی هاتووە.
گەردەلولەکە بە ویلایەتی تەکساسدا تێپەڕی و خێراییەکەی گەیشتە ٢١٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و زیاتر لە ٧٠ کەس گیانیان لەدەستدا. بەپێی خەمڵاندنەکانیش ئەو زیانانەی بەر ویلایەتەکە کەوتووە بە ١٨٠ ملیار دۆلار مەزەندەدەکرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
کۆمێنتەکەت لێرە بنووسە