نوسینگەى حەیدەر عەبادى سەرۆک وەزیرانى عێراق ئەمڕۆ ٢٩ی ئەیلول ڕایگەیاندووە، کۆنترۆڵکردنى دەروازە سنوریى و ئاسمانییەکانى هەرێم بۆ برسیکردنى هاوڵاتیانى هەرێم و ئابڵوقە خستنە سەر هاوڵاتیان نییە وەک هەندێک لە بەرپرسانى هەرێم بانگەشەى بۆ دەکەن.
نوسینگەى عەبادى ڕاشیگەیاندووە، ڕێوشوێنەکان تەنیا بۆ چاودێریکردنى هاتن و چوونى هاوڵاتیان و شتومەکە لە لایەن حکومەتى فیدراڵییەوە بۆ ڕێگرتنە لە بەقاچاغبردن و ئەنجامدانى گەندەڵى .
نوسینگەکە ئاماژەى بەوەشکردووە ، گەشتە ناوخۆییەکان بە فڕۆکە بەردەوام دەبن تا ئەو کاتەى فڕۆکەخانەکان دەخرێنە ژێر دەسەڵاتى حکومەتى فیدراڵییەوە.
نوسینگەى سەرۆک وەزیرانى عێراق ڕاشیگەیاندووە، ڕێوشوێنەکانى ئەنجومەنى وەزیرانى عێراق دەستورى و یاسایین و لە بەرژەوەندى هاوڵاتیانى هەرێم و ناوچەکانى دیکەدان.
ئەوەش لەکاتێکدایە کە ڕۆژی ٢٦ی ئەم مانگە، حکومەتی عێراق بڕیاریدا ئەگەر تا سێ ڕۆژی تر گەشتە ئاسمانییەکانی بۆ فڕۆکەخانەکانی هەرێم نەخرێتە ژێر کۆنترۆڵی بەغداوە، گەشتە ئاسمانییە نێودەوڵەتییەکان بۆ ئەو فڕۆکەخانانە قەدەغە دەکرێت.
دواتر دەسەڵاتی فڕۆکەوانى عێراق داوای لە سەرجەم هێڵە بیانییەکان کرد گەشتەکانیان بۆ هەردوو فڕۆکەخانەى هەولێرو سلێمانى ڕاگرن، هاوکات لەدوای ئەو بڕیارەشەوە چەند وڵاتێک ڕاگرتنی گەشتەکانیان بۆ هەرێم ڕاگەیاندووە.
هاوکات هەر ئەمڕۆ ئێران بڕیاریداوە هەناردەکردن و هاوردەکردنى بەرهەمە نەوتییەکان لە دەروازە سنورییەکانى نێوان هەرێم ئێران قەدەغەبکرێت.
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
کۆمێنتەکەت لێرە بنووسە