بەپێی راگەیەنراوەكەی سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان كە دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ 20 ی ئەیلولی بڵاوكراوەتەوە 2017، پەرلەمان و حکومەت لەسەر چوار خاڵ ڕێککەوتوون.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە بڕیاردراوە كە كۆبوونەوەیەك ئەنجامبدرێت بۆ زووتر گەڵاڵەكردنی سیستمی نوێی موچە كە حكومەت بنەماكانی داڕشتوو.
هەروەها ئەوەش هاتووە ئامادەكاری بۆ دامەزراندنی سندوقی داهاتە نەوتییەكان و پێشكەشكردنی ناوی كاندیدەكان بکرێت.
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان:
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی نێوان پەرلەمان و حكومەت، بڕیاریدرا لیژنەكان ئامادەكاری بكەن بۆ كۆبونەوەی داهاتووی پەرلەمان بەمەبەستی هەڵوەشاندنەوەی پاشەكەوتی موچەو دامەزراندنی سندوقی كوردستان بۆ داهاتە نەوتی و گازییەكان بۆ شەفافیەت و وردبینیكردن و كۆنترۆلكردن و ئاراستەكردنی داهاتی نەوت و گاز بۆ بوژانەوەی كوردستان.
هەروەها لیژنە پەیوەندیدارەكانی پەرلەمان هەماهەنگی لەگەڵ حكومەت دەكەن بۆ دیاریكردنی كاتێك بۆ هەڵوەشاندنەوەی بڕیاری پاشەكەوتی موچەو میكانیزمێكی روونیش لەلایەن حكومەتەوە دابنرێ بۆ چۆنیەتی دانەوەی بڕی پاشەكەوتەكە.
هەروەها بڕیاردراوە دوای رێككەوتنی لیژنەكانی حكومەت و پەرلەمان و ئامادەكردنی دوو پرۆژە لەوبارەیەوە، دەخرێتە بەردەم پەرلەمان بەمەبەستی پەسەندكردنی.
بەر لە کۆبوونەوەکەش شوان قەڵادزەیی، سەرۆکی فراکسیۆنی بزووتنەوەی ئیسلامی لەبارەی پرۆژەکەوە ڕایگەیاند "ناوەرۆكی پرۆژەكە بۆ حكومەت بەو جۆرەیە كە لەگەڵ موچەیەك بڕێك پاشەكەوت كە 10%ی بڕی پاشەكەوتكراوە لەماوەی دوو ساڵدا مانگانە بدرێتەوە بە فەرمانبەران، هەروەها چوار موچەی بڕدراوی ساڵی 2015ش لەو چوارچێوەیەدا بدرێتەوە بە فەرمانبەران".
بە وتەی ناوبراو بەشێكی دیكەی پرۆژەكە بەو جۆرەیە كە "كرێی خوێندن و پێشینەی خانوبەرە و كرێی ئاو و كارەبا و لەلایەن هاوڵاتیانەوە لەو پاشەكەوتە سودی لێ وەربگیرێت".
ليست هناك تعليقات:
إرسال تعليق
کۆمێنتەکەت لێرە بنووسە